كانونی یه‌كه‌م 3, 2023

شێخ خەمیس خەنجەر سەرۆكی حزبی سیادە ئامادەی فێستیڤاڵێكی فراوانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو كە لە پارێزگای ئەنبار بۆ پشتگیریی شێخ ئەكرم محلاوی بەربژێری حزبی سیادە ڕێكخرابوو

لە وتەیەكدا كە لە فێستیڤاڵە جەماوەریەكە پێشكەشی كرد، شێخ خەنجەر جەختیكردەوە لە گرنگیی پارێزگای ئەنبار و ڕۆڵی پێشڕەویی لە دەوڵەتی عێراقدا و ڕایكەیاند كە خەڵكی ئەنبار بەشێكی ڕەسەنی پێكهاتەی عێراقن و دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا شایستەیی زیاتری هەبێت.

هەروەها ڕایگەیاند حزبی سیادە خاوەنی تێڕوانینی ئابورییەكی تەواوە بۆ بنیادنانی پرۆژەی ڕاستەقینەی بواری گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی ئەنبار و بەكارخستنی گەنجەكانی. بۆیە هەموو خەڵكی پارێزگاكەی هاندا بۆ ئەوەی بەشدارییەكی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەكاندا هەبێت و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن كە بتوانن ئەمانەت بپارێزن و بەرپرسیارێتیی خزمەتی گشتی لەئەستۆبگرن. 

شێخ خەنجەر پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزی فەلەستین دووپاتكردەوە و داوای لە هەموان كرد پشتگیری گەلی فەلەستین بن دژی دوژمنكاریی زایۆنیزمی زۆردار.

لایخۆیەوە شێخ عادل محلاوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق كە برای شێخ ئەكرەم محلاویی كاندیدی حزبی سیادەیە و ئامادەی فێستیڤاڵەكە بوو، ستایشی هەڵوێستی شێخ خەنجەری كرد و بە سیمبولی نیشتیمانی و ڕۆڵەی سەرڕاستی پارێزگای ئەنبار وەسفی كرد.