حوزه‌یران 30, 2024

خەمیس خەنجەر سەرۆكی حزبی سیادە، بەئامادەبوونی پیاوماقووڵانی عەشیرەتی خابوری و موسڵ، نووسینگەی خاتوو سەمیە غانم خابوریی كردەوە كە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە لەسەر حزبی سیادە.

لەمیانەی كردنەوەی نووسینگەكەدا كە ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی سیادە و كۆمەڵێك لە كەسێتیەكانی نەینەوا ئامادەی بوون، باس لە بارودۆخی سیاسی و خزمەتگوزاریی پارێزگاكە كرا و جەختكرایەوە لە گرنگیی هەنگاونانی كاریگەر لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی هاووڵاتیان و پتەوكردنی دەستكەوتە ئەمنی و خزمەتگوزاریەكان كە لە موسڵ و قەزا و ناحیەكانی پارێزگاكە بەدیهاتوون.

شێخ خەنجەر جەختی كردەوە لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ژنان لەكاری سیاسی و خزمەتگوزاریدا، پێداگریی لەوەیش كرد كە دەبێت كاربەدەست لەڕێی نووسینگە و كادرەكانیەوە نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەربێت لە بەدەستهێنامی مافەكانیان و دابینكردنی پێداویستیە خزمەتگوزاری و فێركاری و تەندروستیەكانیان كە شایشتەی ڕۆڵەكانی نەینەوا بێت.