تشرینی دووهم 1, 2024

شێخ خەمیس خەنجەر بارەگای نوێی هاوپەیمانی سیادەی لە قەزای فەلوجە لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق كردەوە، دوای ماوەیەكی كەم لە كردنەوەی بارەگای هەمیشەیی سیادە لە شاری موسڵی پارێزگای نەینەوا، ئەمەیش لەچوارچێوەی هەوڵەكانی كردنەوەی ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتیان لە شار و پارێزگا جیاوازەكانی عێراقدا.
بارەگاكە كە كاردەكات لەسەر پەیوەندیگرتن لەگەڵ جەماوەری حزب لەلایەك و زانینی پێداویستی هاوڵاتیان بەهەموو بوارەكانی و گەیاندنی سكاڵا و داواكاریەكانیان لەلایەكی ترەوە، وەك ئەڵقەیەكی پەیوەندی دەبێت لەنێوان جەماوەر و سەرۆكایەتی و سەركردەكانی حزب لە بەغدا.
لەپەراوێزی كردنەوەی بارەگاكەدا شێخ خەنجەر جەختی كردەوە لە گرنگیی شاری فەلوجە و دەوروبەری وەك یەكێك لەناوچە گرنگە عەرەبیەكان كە خاوەنی ڕابوردوو و ئێستایەكی جیاوازە بەهۆی خەڵكە باش و ڕەسەنەكەیەوە.
شێخ خەنجەر ڕوونیكردەوە كە پێگەی فەلوجە و خەڵكەكەی لە دەروونی عەرەب و موسڵماندا هەڵكۆڵراوە و سیمبولێكی جیاوازە لە ڕووی عێراقدا.
ژمارەیەك لە سەركردە و ئەندامانی حزب و پیاوماقوڵانی شارەكە ئامادەی ڕێوڕەسمی كردنەوەی بارەگاكە بوون و ستایشی هەوڵە بەردەوامەكانی شێخ خەنجەریان كرد لە بەدەستهێنانەوەی مافەكان و لابردنی ئەو نەهامەتیەی بەسەر شارەكانی باكوور و ڕۆژئاوای عێراقدا هاتووە بەتایبەت دوای سەردەمی تیرۆر لەساڵی 2014 دا.