تشرینی دووه‌م 3, 2024

شێخ خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە لەبارەگای خۆی لەبەغدای پایتەخت پێشوازی كرد لە شاندێكی كۆڕی فیقهی عێراقی بۆ تاووتوێكردنی گرنگترین پرسەكانی تایبەت بە كۆمەڵگەی عێراقی و ناسنامەی ئوممەی ئیسلامی.

لەسەرەتای دیدارەكەدا شاندەكە سەركۆنەی ئەو ئامانجگیریەی كرد كە دژی شێخ خەنجەر كراوە و جەختیان كردەوە ئەوەی كراوە باجی هەڵوێستی بەرزی شێخ خەنجەر و سووربوونیەتی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری پێكهاتەكە و هەموو عێراقیەكان.

میوانەكان هەروەها ستایشی سەرۆكی هاوپەیمانی و لەخۆگرتنی گرنگترین دۆسیەكانی مافی مرۆڤیان كرد كە بەردەوام داوای گەڕانەوەی ئاوارەكان و قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانە دەكات كە بەریان كەوتووە و هەروەها داوای دروستكردنەوەی شارەكانیان دەكات، ئەمە جگە لە سووربوونی لەسەر پەسەندكردنی یاسای لێبووردنی گشتی بۆ ئازادكردنی بێتاوانەكان كە دەستیان بەخوێنی عێراقیەكان سوورنەبووە و ئەوانەیش كە لەژێر ئەشكەنجەدان و درۆی هەواڵدەری نهێنیدا ئیعتیرافیان پێكراوە. جەختیان كردەوە كە دەنگی شێخ خەنجەر لەڕابوردوو و ئێستایشدا دەنگی لایەنگریی ستەملێكراوان و لابردنی نەهامەتیەكانیانە.

لایخۆیەوە سەرۆكی هاوپەیمانی ستایشی ئەو ڕۆڵە گرنگەی كرد كە كۆڕی فیقهی دەیگێڕێت بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی ئوممەی ئیسلامی بەشێوەیەكی گشتی و كۆمەڵگەی عێراقی بەشێوەیەكی تایبەت وەك مەرجەعێكی ئیسلامی، ئەمەیش لەڕێی سەركۆنەكردن و ناڕازیبوونی لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی وەك ڕێگرییەك لە دەستبردن بۆ پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراقی و دوورخستنەوەی حاڵەتی لێكترازانی خێران كە بەرەو ونبوونی دەبات، هەورەها داواكردنی تۆمارگەی ئەهلی سوننە و جەماعە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیەكانیان و دەستەبەركردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەڕێی دابینكردنی مافەكانی هەر پێكهاتەیەكی گەلی عێراق.