تەممووز 4, 2024

شێخ خەمیس خەنجەر سەرۆكی حزبی سیادە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبارەگای خۆی لە بەغدا و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردەكان و پەرلەمانتارانی پێكهاتەی سوننە، پێشوازیی كرد لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و شاندی هاوڕێی.

هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد دەربارەی چەندین دۆسیە، لەوانە: میكانیزمەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بابەتی بوونی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆسیەكانی نەوت و بودجە، ئەمە بێجگە لە دۆخی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی.

شێخ خەنجەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانەكەی بەڕێز بارزانی بۆ بەغدا و ئومێدی خواست سەردانەكە پەیوەندیەكانی نێوان بەغدا و هەولێر پتەوتر بكات بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، جەختی كردەوە كە هەرێم جەمسەرێكی سەرەكیی جەمسەرەكانی پرۆسەی سیاسیە و لێكگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەموو هاوبەشەكانی نیشتیمان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی بێت، ستایشی ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانیی كرد لە نزیكخستنەوەی دیدوبۆچوونەكان و هەوڵدان بۆ یەكخستنی تێڕوانینەكان تا دەگاتە سەقامگیریی ساسی و ئەمنی.

سەرۆك بارزانییش لای خۆیەوە جەختی لەوە كردەوە كە كەشی سیاسی كرانەوەیەكی ئاشكرا بەخۆیەوە دەبینێت بەئاراستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و ئەمەیش دەبێتە ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ بەرەوپێشچوونی سیاسی كە كاریگەریی هەبێت لەسەر تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی دەبنە لەمپەر لەبەردەم بارودۆخەكەدا.