شوبات 17, 2024

بە چاودێریی شێخ خەمیس خەنجەر و بە دروشمی “بەغدا لەسەر پەیمانە” حزبی سیادە لەڕۆژی جیهانیی هاوكاری لەگەڵ غەزە، هاوهەڵوێستییەكی فراوانی جەماوەریی لە بەغدای پایتەخت ڕێكخست وەك هاوكاری و پشتگیرییەك بۆ قارەمانەكانی ناو غەزە، هەروەها ئیدانەكردنێكی دوژمنكاریی زایۆنیی زۆردار بۆ سەر كەسوكارمان لە فەلەستینی تێكۆشەر. 

لەو ڕێوڕەسمەدا كە ژمارەیەك لە سەركردە سیاسیەكان و كەسایەتیە ئایینی و كۆمەڵایەتیەكان و جەماوەرێكی زۆر ئامادەی بوون، چەندین وتەی حەماسی و شیعر و سروود و دروشم پێشكەشكران كە ستایشی خۆڕاگریی گەلی فەلەستین و ئیدانەی دوژمنكاریی بەردەوامی زایۆنییان دەكرد. 

مامۆستا خالید مفرەجی وتەبێژی حزبی سیادە وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا داوای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد هەڵوێستێكی ڕوون و یەكلاكەرەوە و هاوهەڵوێستیەكی جدییان هەبێت بۆ دانانی سنوورێكی ئەو پێشێلكاریانەی كە زایۆنیی دوژمن دژی بێتاوانەكانی غەزە ئەنجامی دەدات.

هاوكات شێخ دكتۆر ئەنەس عیساوی نوێنەری مامۆستایانی ئایینی و وتارخوێنانی بەغدا لە وتەیەكدا ستایشی خۆڕاگریی ئەفسانەیی ڕۆڵەكانی غەزەی كرد و داوای یەكخستنی هەموو وزە و تواناكانی كرد بۆ پشتیوانیی گەلی فەلەستین.

جێی ئاماژەیە، حزبی سیادە پێشتریش چەندین هاوهەڵوێستی و گردبوونەوەی جەماوەریی ڕێكخستووە بۆ پشتیوانی دۆزی فەلەستین و سەركۆنەكردنی پێشێلكاری و تاوانەكانی قەوارەی زایۆنیی داگیركەر.